دوو ژنەزیندانی ئێرانی ١٠ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

ئاتێنا دایمی و گۆلرۆخ ئیرایی، دوو ژنەزیندایی سیاسیی ئێرانی، ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و خانەوادەکانیان و ڕایگشتی ئێرانی نیگەرانی دۆخی تەندروستییانن.

ڕۆژی ٣ی شوبات ئاتێنا دایمی و گۆلرۆخ ئیرایی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی نالەباری زیندانی شەهری ڕەی باشوری تاران، دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن و بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.

لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنیاندا، مانگرتن لە خواردنی وشکیان دەستپێکرد و ئەوەش مەترسییەکان بۆ سەر تەندروستییانی زیاتر کردووە.

لە ١٠-یەمین ڕۆژی مانگرتنەکەدا، ئاتێنا دایمی بەهۆی بەرزی و نزمیی فشاری خوێن لە دۆخێکی ناجێگیری تەندروستی دایە، پزیشکانی زیندانەکە ڕایانگەیاندووە، کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە مانگرتندا مەترسی جدیی دەکەوێتە سەر ژیانی ئاتێنا.

ئەو دوو ژنە زیندانییە ڕایانگەیاندووە، کە بەرپرسان و پاسەوانانی پیاوی زیندانەکە سووکایەتی و بێڕێزی سێکسییان پێدەکەن، لە کاتێکدا کە بە پێی مافی خۆیان دەستیان کردووە بە مانگرتن لێیان داون و ئەشکەنجەیان داون.

ئاتێنا دایمی، ژنە چالاکوانێکی تەمەن ٢٩ ساڵی ئێرانییە، کە بە تۆمەتی دژایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی بە حەوت ساڵ زیندان سزادراوە.

گۆلرۆخ ئیرایی نووسەرێکی ئێرانییە، کە بە تۆمەتی نووسینی کتێبێک لەبارەی بەردبارانکردنی ژنانەوە بە شەش ساڵ زیندان سزادراوە.