ئاریەن

هەسەدە ئەنجامی شەڕی ۲۳ ڕۆژی ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە

هەسەدە ڕایگەیاند: لەماوەی ۲۳ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر عەفریندا، ۱٨۰ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٤۱۳ هاوڵاتیش برینداربوون، هەروەها ٨٦٢ سەرباز و چەتەی سوپای تورکیش کوژراون.

ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، بە ڕاگەیەندراوێک، ئاماری شەڕی ٢٣ ڕۆژی ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە بەمشێوەیە:

هێرشی سوپای تورک و گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ ی ئێوارەی ڕۆژی ۲۰ی کانوونی دووەم دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆ ۱۲ی شوبات بەبێ‌ ڕاوەستان بەردەوامە، ئەنجامی شەڕەکان هەتا ئەمڕۆ بەمشێوەیە:

۱ـ  دوژمن بە چەکی قورس و فڕۆکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ۱٨۰هاوڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵن شەهیدبوون، ناوی سەرجەم شەهیدان لە نەخۆشخانە تۆمار کراوە.

۲ـ لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، ٤۱۳ هاوڵاتی برینداربوون و ناوی هەموو بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەکاندا تۆمارکراوە.

۳ـ لە بەرخۆدانی قارەمانانە و شەڕی دەستەویەخەی شەڕڤانانی ئێمە لە دژی هێرشکاراندا ۹٨ شەڕڤان شەهیدبوون و سەرجەم شەهیدان بەمەراسیمی سەربازیی بەخاک سپێردراون.

٤ـ لەو شەڕ و چالاکییەکانی هێزەکانماندا ٨٦٢ سەربازی سوپای تورک و چەتەکانی کوژراون، ئەم ڕێژەیەش هێزەکانمان لێی دڵنیابوونەتەوە.

٥ـ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٦٦٨ جار هێرشی ئاسمانیی بە فڕۆکەی جەنگیی ئەنجامداوە و ناوچەی نیشتەجێبوونی بەشێوەیەکی هەرەمەکیی بۆردوومانکردووە و لە ئەنجامدا خانوو، وێستگەی ئاوی خواردنەوە، خوێندنگە و شوێنی بەخێوکردنی مریشک خاپووربوون.

٦ـ هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک ١٦ جار هێرشیان ئەنجامداوە و لەو هێرشانەشدا ناوچەی مەدەنیی و خانووی هاوڵاتیان بە ئامانج گیراون.

۷ـ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، دوو هەزار و ٦٤٥ جار بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و تانک، تۆپبارانی ناوچەکانی کانتۆنی عەفرینیان تۆپباران کردووە.

٨ـ هێزەکانی ئێمە ٤٠٩ جار لەگەڵ دوژمن کەوتوونەتە شەڕەوە کە ئەنجامەکانی ئاشکرابووە، ئەنجامی ۱۰٨ ڕووبەڕووبوونەوەش نەزانراوە.

۹ـ هێزەکانی ئێمە ۲ هێلیکۆپتەری سوپای تورکیان خستووەتە خوارەوە، کە یەکێکیان لە جۆری کۆبرا و ئەوەی تریشیان سیکۆرسکی تایبەت بە گواستنەوەی سەرباز بووە، لە هەردوو هێلیکۆپتەرەکەدا ۱۱ سەربازی تورک کە پلەداریشیان تێدایە کوژراون، هەروەها هێزەکانی ئێمە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی جۆری ‘درۆن’ و فڕۆکەیەکی جۆری ‘بەیرەقدار’یان خستووەتە خوارەوە، ئەو فڕۆکە بەیرەقدارە هەمان فڕۆکەیە کە ئەردۆغان لە وێنەیەکدا واژۆی لەسەر کردبوو.

۱۰ـ هێزەکانی ئێمە ٥۱ ئامێری سەربازیی وەکو تانک، زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاندووە و گورزیان لە ۱٥ تانک و زرێپۆشی دیکەش وەشاندووە.