تەرمی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری بانە دۆزرایەوە

دوێنێ تەرمی کۆڵبەرێکی کورد لە دۆڵی هەنجیرە ڕەشەی بانە، بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوای ئەوەی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی شوانە ڕەسوڵی، ماوەی هەفتەیەک پێش ئێستا لە ماڵەکەی چۆتە دەرەوە بۆ کاری کۆڵبەری دیار نەماوە، سەرئەنجام دوێنێ تەرمی ئەو کۆڵبەرە بە دەست وقاچ بەستراوی لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری بانەی سەربە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لە بارەی چۆنێتی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردەوە لەبەر دەستدا نییە.

 

جێی بیرهێنانەوەیە بەهۆی سیاسەتە ئابووریەکانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە ناچاردەبن کاری کۆڵبەری بکەن و لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانیشەوە رووبەڕووی کوشتن و بە تاڵان بردنی کەلوپەلەکانیان دەبنەوە.