ئاریەن

سەزای تەمەلی و پەروین بوڵدان بە هاوسەرۆکایەتی نوێ هەدەپە هەڵبژێردران

ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی هەدەپە هەڵبژیردران و پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی-ش بوونە هاوسەرۆکی هەدەپە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە دەستیپێکرد، کە تێیدا نزیک بە ٢٠ هەزار بەشداربوو ئامادەبوون و دەیان هەزار ئەندامی هەدەپەش لە دەرەوەی هۆڵی بەڕێوەچونی کۆنگرەکە بە خرۆشەوە ئامادەبوون.

نوێنەری دەیان پارت و لایەنی سیاسی، پارلەمانتار و کەسایەتی لەسەرتاسەری کوردستان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە میوانی کۆنگرە بوون.

هێزە ئەمنییەکانی تورک بەبیانووی وتنەوەی دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ”، هەڕەشەیان لە بەشداربووانی کۆنگرەکە دەکرد، هەوەها ڕێگرییان لە ڕۆژنامەنووسان کرد، کە کۆمپیوتەر ببەنە هۆڵی کۆنگرەکەوە و ئاستەنگییان بۆ ڕووماڵکردنی کۆنگرەکە دروست دەکرد.

لە کۆنگرەکەدا، وتاری سەلاحەددین دەمیرتاش کە لە زیندانەوە ڕەوانەی کۆنگرەی کردبوو خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی تورک هەزار گرتووخانە و زیندانی دیکەش دروست بکات، جێگەی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە و ئازادیخوازنی تێدا نابێتەوە، چونکە هێزی ئێمە لەوە زیاترە کە ئەوان چاوەڕوانی دەکەن.

هەر لە کۆنگرەکەدا، پەیامی پیرۆزبایی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق خوێندرایەوە و شاهۆز حەسەن و عائیشە حسۆ، هاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە-ش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە پەیامێکی ڤیدیۆیی، پیرۆزبایی بەرستی کۆنگرەکەیان کرد.

لەبەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، وتاری هەریەکە لە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، بەرەی ڕزگاریی فەلەستین، سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ لە پەرلەمانی ئەوروپا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چەندین وتاری دیکە پێشکەشکران.

هەر لە کۆنگرەکەدا، پەروین بوڵدا، کاندید بۆ هاوسەرۆکایەتیی هەدەپە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: شانازییەکی گەورەیە کە کاندیدکراوم بۆ هاوسەرۆکی هەدەپە، لە دۆخێکدا کە جگە لە تێکۆشان هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکە نییە.

وتیشی: لەبری شەڕ لە عەفرین، با بچنە ئیمرالی و چارەسەری لەوێیە.

هەر لە کۆنگرەکەدا، سەزای تەمەلێ، کاندید بۆ هاوسەرۆکایەتیی هەدەپە وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای ئاراستەکردنی سڵاو بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، وتی: دەبێت هەمووان پێکەوە لەدژی فاشیزمن بڵێن ‘نا’ و کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

لە ئێوارەی ئەمڕۆشدا، ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی هەدەپە هەڵبژێردران و هەریەکە لە سەزای تەمەلی و پەروین بوڵدان-یش بە ٨٢٣ دەنگ، بوونە هاوسەرۆکی هەدەپە کاندید کران.

(پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی)

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، یەکێکە لە ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی هەدەپە.