٦٠٠ هونەرمەندی ئێرانی کەمپەینێکیان بۆ پشتگیریی عەفرین دەستپێکرد

٦٠٠  هونەرمەند، ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر، میوزیسیان و شاعری ئێرانی، بە واژۆکردنی ڕاگەیەندراوێک کەمپەینێکیان بۆ پشتگیریکردنی عەفرین دەستپێکرد.

دوێنێ لە تارانی پایتەختی ئێران، کەمپەینێک لەلایەن ٦٠٠ هونەرمەندانی ئێرانیەوە دەستپێکرا بۆ پشتگیریی عەفرین و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سوپای تورک، کەمپیەینەکەش بەردەوامیی هەیە.

لە ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکەدا هاتووە: سەدان ساڵە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە برینداری دەستی بێ عەقڵیی ئەو کەسانەی بانگەشەی ئیمپراتورییەتیان کردووە، لە ئاشورییەکانەوە تا ئەردۆغان دۆخەکە هەر وابووە و لەم نێوانەشدا کورد زیاترین قوربانیان داوە، ئەم جارە ئەردۆغان پاش زنجیرە شکستێک فەرمانی هێرش بۆ سەر عەفرینی داوە.

ئەوەش هاتووە: ئەردۆغان لە جیاتیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای دیالۆگەوە پرۆژەی ئاشتیی لەگەڵ گەلی کورد تێکدا و ئامەد و جزیرەی باکوری کوردستانی کردە ئامانجی هێرشەکەی، لەلایەکی دیکەوە ئاوارە سوورییەکانی بە بارمتە گرت و بە بەهانەیەوە ملیۆنان یۆرۆی لە ئەوروپا وەرگرت، پاشان کودەتا و ئێستاش هێڕش بۆ سەر عەفرین.

لە کۆتاییدا هاتووە: ئێمە وەک ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ئێرانی بانگەوازی هەموو خەڵکانی ئازادیخواز دەکەین کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو تاوانەی دەرهەق خەڵكی عەفرین دەکرێت، هەروەها بانگەوازیی هەموو دەوڵەتانی جیهان دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا بوەستنەوە و داواش لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە هاوکارییەکانیان بنێرن بۆ خەڵکی عەفرین.

جێگای ئاماژەیە، کۆکردنەوەی واژۆکان بەردەوامە و کەمپەینەکە بە کراوەیی ماوەتەوە.