فەرمانداری یەپەژە: ئێمە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان تێدەکۆشین

فەرماندارێکی یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە، نووژین دێرک ئاماژە بەوەدەدات هەر چوار پارچەی کوردستان و میلیۆنان مرۆڤ، لەپشت عەفرین ڕاوەستاون و ئەو تێکۆشانەی ئێمە دەیکەین بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە.

 

فەرماندارێکی یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە، نووژین دێرک، لە چاوپێکەوتنێکدا خۆڕاگری عەفرینی لە دژی هێرشه‌کانی تورکیا هەڵسەنگاند و وتی، بەرخۆدانی هاوچەرخی عەفرین ئەوە ١٥ ڕۆژە بێ ڕاوەستان بەردەوامە و ئەگەر مرۆڤ بیه‌وێت ئەو ١٥ ڕۆژە بنووسێتەوە، ئەوا پێنووس به‌شی نووسینی ناکات. لێرە خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی هەیە هەر هەڤاڵێک داستانێکە لە قارەمانێتی.

 

دێرك، راشیگەیاندووە، لەوانەیە دەرفەتی ته‌كنه‌لۆژیای ئێمە زۆر نەبێ، بەڵام ئێمە خاوەنی ئیرادە، فکر و باوەڕین و خاک و کەرامەتی خۆمان دەپارێزین. ناوبراو دەستنیشانیشی کرد؛ ١٥ ڕۆژە دەوڵەتی ئەردۆغان و چەتەکانی هێرش دەکەن بەڵام نەیانتوانیوە ٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی بکەن. پێیان دەڵێم ئەگەر زۆرتان باوەڕ بە خۆتانە واز لە ته‌كنه‌لۆژیا بێنن و وەرن، ئەودەم دەزانین کێ داگیرکەر و کێ خاوەن ماڵە.

 

ئەو فەرماندارەی یەپەژە راشیگەیاندووە، عەفرین پشتی بە گەلی خۆی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و میلیۆنان کەسی ئازادیخواز لە جیهان ئەستوورە. ئەو بەرخۆدانە کە به‌ -بەرخۆدانی سه‌رده‌م- پێناسە کراوە، بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانە. با فاشیزمی ئەردۆغان باش بزانێت چەندەی زیاتر پەلاماری ئێمە بدات، بەرخۆدانی ئێمەش گه‌وره‌تر دەبێت و به‌ پاڵپشتیی هەر چوار پارچەی کوردستان و خۆڕاگری ئێمە كۆتاییان پێ دێنین.

 

فەرماندارێکی یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە، نووژین دێرک، لە کۆتایدا رووبە گەلی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان وتوویەتی لە هەر كوێیه‌ك هەن بزانن کە گەلی عەفرین بۆ هەمووتان لە شەڕ و به‌رخۆدان دایە. دەست لە خاک و نیشتیمانی خۆی بەرنادات و بەڵێن دەدات کە ئەو بەرخۆدانه‌ سه‌ربخات. له‌وانه‌یه‌ لە سایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای شەڕەوە چەند گوند و تەپۆڵکەیەکیان داگیرکردبێ، بەڵام ئێمە بە ئیرادەی خۆمان لەو شوێنانە دەریان دەکەین. بەرخۆدانی ئێمە درێژەی هەیە و هەتا سەرکەوتنیش بەردەوام دەبێت. درووشمی ئێمە تەنیا سەرکەوتنە و عەفرین ناوی خۆی لە بەرخۆدانی سەدساڵەی گەلەکەماندا تۆمار دەکات.