ئاریەن

لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدرێت

لە درێژەی پشتیوانیە سەرانسەریەکان لە بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، بە دەیان چالاکوانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازییان بڵاوکردەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی حکومەتی تورکیا لە تاران.

 

بە پێی زانیاریەکان، ١٣٤ چالاکوانی مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بەمەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی حکومەتی تورکیا لە تاران بڵاو کردوەتەوە کە تیایدا هاتووە، بە شکستهێنانی سیاسەتەکانی ئاکەپە لە ناوچەکە و لەناوچوونی داعش، حکومەتی ئاکەپە هێرش بۆ سەر عەفرینی وەک تەنها رێگەی رزگار بوون لە قەیران داناوە.

 

هەروەها هاتووە: بێدنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی حکومەتی تورک نائەخلاقی و نامرۆیانەیە، ئەو بێدەنگییە وادەکات کە تاوانێکی دژمرۆیانەی دیکە ڕووبدات، بۆیە ئێمە واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیەندراوە بە مەبەستی وەستاندنی خوێنڕشتنەکانی حکومەتی تورک بانگەوازی دەکەین بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی حکومەتی تورک لە تارانی پایتەختی ئێران.